دەربارەی بەرواران

کاتێک باس لە خوێندنی سەرهێڵ (online) دەکرێت، بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت ئۆفیس 356 لە بەرایی هەموو ئەو بەرنامانەوە دێن کە کەرەستەن و ئاسانکاری بۆ ئەم پرۆسەیە دەکەن. فێرگەکانی تۆڕی فێرکاری برادۆست ـیش کە ئەندامی ئەم تۆڕەی مایکرۆسۆفت ـن، بەردەستخستنی زانیاریگەیەکی تەژی بە ڕێنوێنی و بەرچاوڕوونی بۆ ئەم بەرنامەگەلە بە پێویستییەکی پێشەم دانرا. هەربۆیە هاتنی پەتای کۆرۆنا و پشووی هاوینی ساڵی 2020 دەرفەتێکی باش بوو بۆ مامۆستایانی برادۆست کە ئەم زانیاریانە تەرجەمە بکەن و بیخەنە بەردەست.

مەبەستی سەرەکیش لەم کارە هاوکاری مامۆستایان و فێرخوازانی کوردیزمانە بۆ خۆتەیارکردن و ڕاهێنانیان بەم بەرهەمانەی مایکرۆسۆفت. هەرچەند تۆڕی مایکرۆسۆفت لە تەواوی جیهاندا ئەم بەرنامانەی بۆ پرۆسەی خوێندن کردۆتە خۆڕایی بەڵام مەرجبەند، بەڵام ئەرکی حکوومەتانە ئەم هاوئاهەنگییە ساز بکەن. هەرچەند جارێ لە وەڵات ئاسۆی ئەم هەنگاوە ناڕوونە، بەڵام ئێمە وەک هەمیشە پێشدەستی دەکەین بۆ زەمینەسازی لەم بوارەدا.

بواری زمان لە برادۆست ـدا دەستپێکی هەموو کارێکە، هەر بۆیە ناوی «واران»ـمان بۆ کورتراوەی مایکرۆسۆف ئۆفیس 365 داناوە. «واران» ناوێکی کوردیە و لە کوێستانان بەو جێگەیە دەگوترێت کە ڕەشماڵی تێدا هەڵدەدرێت. واران کۆی «وار»ە بەواتای «جێ» دێت. ئەوجا «بەرواران» وەک چۆن پێش ئەوەی بگەیتە ناو گوند دەگەیتە «بەرماڵان»، بەهەمان شێوەیش پێش ئەوەی بگەیتە نێو واران دەبێت بە «بەرواران»ـدا تێپەڕیت و زانیاری دەربارەی واران لێ وەربگریت.

 

بەهیوای ئەم کارە سوودێکی بۆ پرۆسەی فێرکاری وەڵات هەبێت.

 

تۆڕی فێرکاری برادۆست

31.12.2020

 

................

سەرچاوەی ئەم پرۆژەیە

 

https://support.microsoft.com/en-us/office/

................

بۆ تەرجەمەی زاراوەکان سوود لەم فەرهەنگە وەرگیراوە

 

https://dictio.kurditgroup.org/